ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە مەلایی: ئەگەر مێژووی خەیانەتەکانی ئەمریکا و وڵاتانی داگیرکەری ڕۆژئاوایی بە کوردەکان لێک بدەینەوە، بەردەوام دەبینین کە چۆن ئەمریکاییەکان لە ڕۆڵی درۆیین پاڵپشت و بە بەڵێنی پووچ و دروشمی ناسیۆنالیستی و هەڵفریواندنیان لە ژێر ناوی هاوپەیمانەوە، کوردەکانیان کردۆتە دارەدەستی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتژی و تاکتیکییەکانیان، بە تایبەت بۆ کۆنتڕۆڵی ڕۆژهەڵاتی ناوین، زاڵبوون بەسەر سەرچاوەگەلی وزەی ناوچە، دزە و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و ...، کەچی هەر لەگەڵ ئەوەی ئامانجە دڵخوازەکانیان مسۆگەر بوو، بە ئاسانی کوردەکان بەتەنیا و لە بەردەم دوژمنانیدا بەجێ دێڵن.
هەڵبەت بە گوێرەی مێژوو، ئەمریکا هەمیشە خەیانەتی بە هاوپەیمانەکانی دیکەشی کردووە و لە سەدامەوە بگرە تا وڵاتانی ئەورووپی و عەرەبی، هەموو زەبری خەیانەتی واشنتۆنیان بەر کەوتووە. کەواتە کۆشکی سپی هیچکات خۆی بە ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانی نەبەستۆتەوە و هیچ بەرپرسایەتییەکی لەوبارەیەوە لە ئەستۆ نەگرتووە و بناغەی سیاسەتی ئەمریکا و لۆبییە زایۆنییە زاڵەکان بەسەر ئەو وڵاتەدا، زۆرتر چاوی لە بەرژەوەندییەکانە، نەک لە بەرپرسایەتییەکان. هەر بۆیە سیاسەتوانان لایان وایە کە هەمیشە دەبێ چاوەروانی ئەوە بین و ببینین کە ئەمریکا چۆن هاوڕێیانی خۆی لەپێناو بەرژەوەندییەکی گەورەتردا قوربانی دەکات.
ئەگەر بەسەر خەیانەتەکانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوودا بە کوردەکان لە هەمبەر دیکتاتۆری ڕووخاوی ئێران لە ڕووداوەکانی 1325 و فرۆشتنی کوردەکانی عێراق بە سەدام حسێنی دیکتاتۆری ڕووخاوی ئەو وڵاتە لە پاش پەیمانی 1975ی ئەلجەزایر و هەروەها ڕەزامەندی و پاڵپشتیی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بۆ بوردۆمانی کیمیایی کوردانی ئێران و عێراق و کارەساتی ئەنفال و کۆمەڵکوژیی کوردی کوردستانی عێراق بەدەستی ڕژیمی بەعسی تێپەڕین، ئەوا نزیکترین نمونەی خەیانەتی ئەو زلهیزە بە کوردەکان لە ساڵی 2017 و بە هەندانیان بۆ پرسی ڕیفراندۆم و گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان بوو.
لەو کاتەدا گشتپرسی کە بە پیلانی دەزگا سیخۆڕییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بە هاندان و سازدانی وەهمی دەسەڵات لای حزبە کوردییەکان، ئەنجام درا، بووە هۆی ئەوەی کە لەسەدا 20ی ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد، لە کوردەکان بستێندرێتەوە و بدرێتەوە بە دەوڵەتی ناوەندی؛ ناوچەگەلێکی ستراتژیک کە زۆربەی کانگا و کێڵگە نەوتییەکانی عێراقی لەخۆ گرتبوو.
ئەم فێڵ و خەیانەتە ئەمریکایی-ئیسرائیلییە بە کوردەکانی عێراق، لە ئەنجامدا بووە هۆی تەریککەوتنی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە ناوچەدا و گەمارۆدرانی لە لایەن وڵاتانی دراوسێی و دابەزینی بەرچاوی هێژمۆنی ڕێژەیی ئەو ناوچە نیوەئۆتۆنۆمییە.
سەیر ئەوەبوو کە کۆشکی سپی بە قبووڵنەکردن و پشتڕاستنەکردنەوەی ئەنجامی گشتپرسییەکە کە بە هاندانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بەڕێوە چووبوو، لە لایەکەوە بووە هۆی ڕەزامەندیی هاوپەیمانی ناتۆیی خۆی واتە تورکیا و لە لایەکی ترەوە، کوردانی تەریكکەوتە و لاوازبووەی عێراقی گرتە ژێر ڕکێفی خۆی و هاوکات پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا و دەوڵەتی ناوەندیی عێراقیش تۆکمەتر کرد و لە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی بەهرەمەند بوو.
بە سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی 2014 و پەلاماری ئەو تیرۆریستانە بۆ سەر عێراق و سووریا، ئەمریکا بۆ پاراستنی بنکە فەرمییەکانی لەو وڵاتانە و بەکارهێنانی هێزی زەوینیی بەتوانا لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی کە هەمان ڕووخاندنی حکوومەتی بەشار ئەسەد بوو، بە ڕاگەیاندنی داکۆکیی لە خۆبەڕێوەبەریی کوردەکانی سووریا، هەنگاوی نایە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و بەسەر کێڵە نەوتی و ڕێڕەوگە گرینگەکانیدا زاڵ بوو.
ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی لە ژێر ناوی هاوپەیمانی جیهانی دژی داعش لەگەڵ هێزە کوردەکانی سووریا کە بۆ بەرگری لە ناوچە باکووری و ڕۆژهەڵاتییەکانی سووریا هەمبەر بە تیرۆریستانی رادیکاڵ ڕاپەڕیبوون، هاوپەیمانیان پێک هێنا؛ هاوپەیمانییەک کە بۆ کوردەکانی سووریا لباری ناچاریی و پێداویستی بە جیهازات و لۆجیستیکی بەهێز بوو و بۆ لایەنی ڕۆژئاوایی تاکتیکێک بوو لەپێناو گەیشتن بە ئامانجی گەورەتر.
بە جۆرێک کە لە کاتی هێرشەکانی ساڵی 2019ی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا لە عەفرین و کۆمەڵکوژیی خەڵکی ئەو دەڤەرە، دەرکەوت کە ئەمکارە بە چرا سەوزی سێنتکام و پاشەکشێی هێزەکانی ئەمریکایی ئەنجام دراوە و هەموو جیهان شایەدی بەجێهێشتن و پشتبەردانی کوردەکانی سووریا لە لایەن ئەمریکاوە بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی بوون.
هاوکاتی ئەو هێرشانە، ڕووسیا بە ڕەخنەگرتن لە پشتبەردرانی کوردەکان لە لایەن ئەمریکاوە، واشنتۆنی بەوە تۆمەتبار کرد کە بە ئانقەست کوردەکانی لە نزیکیی سنوورەکانی سووریا-تورکیا ڕاگرتووە، بۆوەی تووشی شەڕ و تێهەڵچوون لەگەڵ ئەرتەشی تورکیا بێن و هەموویان بکوژرێن.
ئەو ڕۆژانە هەموو جیهان کاردانەوەیان بەم خەیانەتەی ئەمریکا نیشان دا و ئەم هەڵمەتەیان بە مەترسییەکی جیدی و وانەیەک دەدی کە دەیتوانی چارەنووسی هەموو هاوپەیمانانی ئەمریکا بێت. هەڵبەت خەیانەت و هەڵفریواندنی کوردەکان بۆ ئەمریکا ببووە پرسێکی ئاسایی و بەرچاوترینیان لەمدواییەدا، فرۆشتنیان بە جۆلانی و تیرۆریستانی زاڵ بەسەر سووریا لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووە.
اکاتێک "تام باراک"ی نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، حەوتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە دەوڵەتی دیمەشق لە ئێستادا توانای قبووڵکردنی بەرپرسایەتیی یەکجاری ئەمنیی و لەوان کۆنتڕۆڵی زیندان و ئۆردووگاکانی داعشی هەیە و هاوپەیمانی جیهانی و سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا، چیتر پێویستی بە کوردەکانی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(هەسەدە) نەماوە؛ بۆ جارێکی تر دنیا شایەدی خەیانەتی ئەمریکلا ب هاوپەیمانانی بوو.
ئەوە لە کاتێکدایە کە ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاش، پاش دیداری ئەمدواییەی لەگەڵ جۆلانی، سەرۆکی خۆهەڵبژاردووی سووریا، وتبووی: "جۆلانی سرکردەیەکی بەهێزە و من خۆشم دەوێ و هەر کارێک پێویست بێت بۆ سەرکەوتنی سووریای دەکەم". زیادیشی کردبوو کە جۆلانی توانای بەئەنجامگەیاندنی ئەرکەکانی دەبێت؛ و هەڵبەت مەبەستی ئەو ئەرکانە بوو کە لە لایەن ئەمریکاوە پێی دراوە.
پاگەندەی هەڵگیرانی گەمارۆکان لەسەر سووریا، ڕێک لە کاتێکدا بوو کە جۆلانی ڕایگەیاند کە لەگەڵ ئیسرائیل ڕێکدەکەوێت و تەڤلی هاوپەیمانیی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی داعش دەبێت، نیشاندەری بڕیاری نهێنی و ڕێککەوتنی شاراوە بۆ وەلاوەنانی کوردەکانی سووریا بوو، چونکە بێگومان ئەمریکای بەرژەوەندخواز و خەیانەتکار بە بەڵێنەکانی، پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا و دەوڵەتی ناوەندی سووریای بەلاوە گرینگترە لە پاڵپشتیکردنی کوردانی تەریک و بێکەس.
جیهان ئەوڕۆ دەبینێ کە ئەمریکا چۆن پابەندی هیچ بەڵێن و پەیمانێکی نییە و ئێستا پشتی کوردەکانی بەرداوە و فەرمانی بە جۆلانی داوە کە هێرش بکاتە سەر ئەو زیندانانەی کە تیرۆریستانی داعشی تێدا ڕاگیراوە و لە لایەن هێزەکانی هەسەدە دەپارێزرێن و بەو کارە هاوڕێیانی تیرۆریستیان ئازاد بکەن و بۆ کۆمەڵکوژیی خەڵکی ناوچەگەلی کوردنشینی سووریا و لێواری سنووری عێراق بەکاریان بێنن.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارێکی بەرچاوی سیاسەتوانانی ئەمریکایی، دانیان بەوەدا ناوە کە چۆن ترامپ هەر وەک خۆلی یەکەمی سەرۆک کۆماریی، دیسان دەستی داوەتەوە خەیانەت لە دژی کوردەکان و پشتی کوردەکانی سووریای لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیادا بەرداوە. تەنانەت کارناسان دەڵێن، ڕەنگە ئەمە دوایین خەیانەتی لە ئیدارەی خۆسەری کوردی سووریا بێت و ئەگەر خڵی سڤیلی کوردستانی سووریا نەتوانن خۆیان لە هەڵمەتی تیرۆریستانی سەر بە جۆلانی بپارێزن، ڕەنگە کارەساتێکی زۆر دڵتەزێن لەو دەڤەرەدا بقەومێت.
لەوبارەیەوە "ئیلهام ئەحمەد" لە سەرۆکانی ئیدارەی خۆسەری کوردی سووریا لە لێدوانێک بۆ "فاکسنیووز دیجیتاڵ" وێڕای ڕەخنە لە هەڵویستی دەوڵەتی ئەمریکا، هەمبەر بە دۆخی ئێستای کوردەکان هوشداری داوە و ڕایگەیاندووە کە خەڵکی سووریا لە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەکی جیدیدان.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بۆ نمونە کەسایەتییەکی ڕاستی رادیکاڵی ڕۆژئاوایی وەک مارین لۆپێن لە حزبی "جڤاتی نیشتمانی" فەڕەنساوە، بە ئاشکرا هەستی بەو خەیانەتە کردووە و دەوڵەتی مەکرۆن بۆ سیاسەتەکانی هەمبەر بە سووریا و ڕاخستنی بەپەلەی فەڕشی سوور بۆ جۆلانییەک بە پێشینەی داعشی و ئەلقاعیدەیی لۆمە دەکات و دەڵێ: کوردەکان ئازایانە لە دژی تیرۆریستانی داعش شەڕیان کردووە، بەڵام ئەوڕۆ ئێوە ترسەنۆکانە پشتیان بەر دەدەن و کۆمەڵگای جیهانی بە خۆگێڵکردن هەمبەر بە چارەنووسیان، خەریکی قەوماندنی تراژێدیایەکە.
هاوکات مایک پەمپێئۆی وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، تەرکیزی خستۆتە سەر خەیانەتی دەوڵەتی ترامپ بە کوردەکانی سووریا و جەختی کردووە کە پشتبەردانی کوردەکان لە بەرامبەر هێرشی بەربڵاوی هێزەکانی جۆلانی، کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتژیکە بۆ دەوڵەتی ئەمریکا.
بەمجۆرە دەردەکەوێت ک خەیانەتی ئەمجارە هێندە بەرچاوە کە تەنانەت کەسانێک کە پێشتر لە کاروباری دەوڵەتی ئەمریکادا دەستیان بووە، هەستیان بە قیزەونیی خەیانەتەکان کردووە و دەسەلمێنن کە ئەمریکا هاوڕێی کەس نییە و پابەندی هیچ پەیمانێک نابێت، مەگین ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دابین بکات. کەواتە سیاسەتی هەمیشەیی ئەمریکا تەنیا ئەوەیە: "هەر کات پێویست بێت، دەتفرۆشم!"
Your Comment